شاعیر: زێوەر
کتێب: دیوانی زێوەر
سەرناو: بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم

بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم
بەرقی غەمی تۆ ئاگری بەرداوەتە ماڵم

پەروانەم و پەروای سەری خۆم نییە بێ تۆ
دێوانەم و سەحرا بووەتە خانە و ماڵم

پەنجەم وەکوو تیشە لە فیراقت لە فەرقدا
فەرهادم و کوا ئەرمەنیی دیدەغەزاڵم؟ 

خاڵی سیەهت کەوتە ئەسەر لەعلی بەدەخشان
بۆ نەیکەمە قوربانی لەبت فیکر و خەیاڵم

بۆ پەرچەمی پڕ چینی ئەتۆ ڕۆحە فیدای بێ
بۆ قیمەتی ماچێکە دەبەخشم سەر و ماڵم

هەر چەندە کە توڕڕەی وەکوو ڕێحانەیی باغە
پابەندی ئەوێ نیم و ئەسیری خەتوخاڵم

هیجرانە لە یاران و ڕەفیقان و عەزیزان
مەعلوومە کە وەک قومریی بێچارە دەناڵم

دوێنێ کە لە جانیب منەوە تووشی خەفەت بووی
یاڕەببی دەسی من بخەیە کۆتەیی زاڵم

مەشغووڵی خەیاڵی لەبی لەعلی نمەکینە
ساعات و دەقیقە، شەو و ڕۆژ و مەه و ساڵم

ڕەحمت لە دڵا بێت و نیگاهێ بەسە بۆ من
گاهێ بەغەڵەت تۆ خەبەرێ بگرە لە حاڵم

زێوەر بەتەمای میهر و وەفای تۆیە ئەگەر چی
نەیدیوە بەجوز یاری جەفاپیشە و زاڵم